Serkewtinêkîtrî Zakaria le Stockholm

سەرکەوتنێکى دیکەى زەکەریا لە ستۆکهۆلم

Zakaria Stockholm

کاتژمێر 7ى ئێوارەى 5.10.2008 لە هۆڵى (کۆنسێرت هاوس)ى ستۆکهۆلم و لە چوارچێوەى فیستیڤالى نێونەتەوەیی (رى ئۆریەنت) هونەرمەندى ئەستێرەى کورد زەکەریا عەبدوڵلا لە کۆنسێرتێکدا کۆمەڵێک گۆرانیی هەڵبژاردى لە ئەلبوومەکانى چڕى و جەماوەرى ئامادەبووى هێنایە جۆش و خرۆش.

 

لەو ئێوارە کۆنسێرتەدا زەکەریا عەبدوڵلا لە گەڵ تیپێکى موزیکى کوردى کە لە نزیکەى (30) موزیسیەن پێک دەهات و هەموویان بە تایبەتى بۆ ئەم کۆنسێرتە لە هەولێرەوە چوو بوون، بۆ ماوەى زیاتر لە دوو کاتژمێر چەپکێک گۆرانیى هەمەڕەنگى پێشکەش کرد و کۆنسێرتەکە هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی زۆر بە گەرمییەوە لە لایەن ئامادەبووانەوە بە چەپڵەڕێزان پێشوازى لێ کرا.

ئامادەکاریى تۆکمە و رێخستنى وردەکاریى کۆنسیرتەکە لە هەموو لایەنە تەکنینکى و هونەرییەکانەوە مایەى سەرنج بوو و بەڕێوەچوونى بەو شێوەیە جێگەى خۆشحاڵیی ئامادەبووان و سەرپەرشتیارانى فیستیڤاڵەکەش بوو.

خاڵێکى دیکەى سەرنجڕاکێش تیپى موزیک بوو بە سەرپەرشتیی موزیسیەنى کورد مامۆستا سەید ئەحمەد رواندزى کە کارێکى زۆر پرۆفیشینەل و رێکوپێکیان پێشکەش کرد. ئەم تیپە ماوەیەک بوو لە هەولێر دەستى بە پرۆڤە و ئامادەکاریی کردبوو بۆ ئەم کۆنسێرتە و لەوێ لێزانی و لێهاتوویی موزیسیەنى کوردیان بۆ ئامادەبووان و سەرپەرشتیارانى فیستیڤالەکە سەلماند. شایانى باسە ئەم تیپە لە سەر ئەرکى تایبەتیی هونەرمەند خۆى کاروبارى سەفەر و چوون و مانەوەیان لە سوید بۆ کراوە.

لە گەڵ ئەوەى کە رۆژانى یەکشەممە چالاکیی جەماوەریی بەم شێوەیە لە ئەورووپا ئەنجام نادرێت، چونکە رۆژى دواتر خەڵک دەچنە سەر کار و لە گەڵ ئەوەى کە ئەو رۆژە کەشێکى سارد و باراناویش لە ستۆکهۆلم هەبوو، بەڵام وێڕاى ئەوەش خۆشەویستیی جەماوەرى کورد بۆ هونەرمەند زەکەریا واى کرد لە زۆربەى زۆرى شارەکانى سوید و ئەورۆپاشەوە بچن و ئامادەى کۆنسێرتەکە ببن و هەموو هۆڵەکە داگرن.

هەودارانى زەکەریا عەبدوڵلا نەک هەر تەنیا لە ناو هۆڵى کۆسێرتەکە، بەلکوو لە هەموو کوردستان و جیهانیش لە رێگەى شاشەى کوردستان تیڤییەوە بە دیدار و گۆرانییەکانى شاد بوونەوە کە ماوەى سەعات و نیوێکى کۆنسێرتەکەى راستەوخۆ بۆ بینەران پەخش کرد و رۆژى دواتریش تەواوى ریکۆردى کۆنسیرتەکەى دووبارە بڵاو کردەوە.

مایەوە بڵێن لە کۆنسێرتەکەدا هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵلا کۆپڵەیەکى لە گۆرانییەکى نوێى بەرهەمە تازەکەى پێشکەش بە ئامادەبووان و هەوادارانى کرد کە مایەى خۆشحاڵییان بوو.

Listen to whole album

Download Ringtones

Fans On Facebook

Official Zakaria Profiles

Facebook Wikipedia