با شانازی بە زەکەریا عبدوللە وە بکەین
ئاری ئازاد
ئەی نیشتیمان چۆلەکەی سەر هەر چڵێکت سەد کەناری ئێرە دێنێ
شەرم و بزەی هەر شۆخێکت سەد فریشتەی ئێرە دێنێ
زەکەریا یەکێکە لەو هونەرمەندە لاوانەی کە ساڵانێکە خەریکی کاری هونەریە تا ئێستا خاوەنی شەش سی دی تایبەت بە خۆیەتی، جیاوازی ئەو هونەرمەندە لەگەڵ ئەوانی تر ئەوەیە کە زیاتر هەنگاوی بەرەو بە جیهانی بوونی بەرهەمەکانی ناوە، زەکەریا ساڵانێکی دوور و درێژ لە ووڵاتی سوید ژیانی غوربەتی بەسەر دەبرد زۆربەی بەرهەمەکانی هەر لەو ووڵاتە بە هاوکاری چەندین موزیکژەنی کورد و بیانی بەرهەم دەهێنا. بەرهەمی ( دایە ) کە بە ترۆپکی بەرهەمەکانی هونەرمەند ناوزەند دەکرێت دوا بەرهەمی سی دی بوو لەو ووڵاتە، لە دوای ئەوە هەنگاوێکی هونەری بوێرانەی هاویشت ئەویش ڕووکردنی هونەرمەند زەکەریا بوو بۆ ووڵاتی تورکیا . هەر لە دوای چوونی هونەرمەند بۆ تورکیا بەڕاستی دەرگایەکی تر لە هونەر و هونەرمەندانی کورد کرایەوە، وە کارەکانی هونەرمەند هەمەجۆر تر و دەوڵەمەندتر بوون. لە دوای چونی هونەرمەند بۆ تورکیا و بڵاوکردنەوەی چەند ئەلبوومێک کۆمەڵێک گۆرانی نوێ کەوتنە سەرزاری گەنجان و خەڵکان بە گشتی وە هەر بە یادی مامۆستا تەحسین تەها ویستم کە تیشکێک بخەمە سەر یەکێک لە گۆرانیەکانی هونەرمەندی نەمر کە ئێستا بە دەنگ و هەست و مۆسیقایەکی سەردەمی تر ووتراوەتەوە لەلایەن زەکەریای هونەرمەند بە ناوی ( من تو نەڤێ) کە تام و چێژێکی تر لەم گۆرانیە بەدی ئەکرێ و لە ناکاو کەوتە سەرزاری خەڵک دووبارە.وە ئەبێ ئەوەمان لە بیر بێ کە زەکەریا بوو بە پردێک لەنێوان هەموو شێوەزارە جیاوازەکانی کوردستان هەر لە گۆرانی (ئاگر کەتیە دلێ من) و (هاگولێ) و زۆری تر کە بێ گومانم ئەم گۆرانیانە بە نەمری ئەمێنەوە.
من ئەمەوێت لەم بابەتەم دا کە تیشکێک بخەمە سەر لایەنی هونەری ئەم هونەرمەندە و نامەوێ باسی لایەنی سیاسی هەرێم و ناوچەی ووڵاتەکەمان بکەم لەگەڵ دەوروبەر چونکە منیش وەکو زۆربەی هاوڵاتیانی ووڵاتەکەم هەستی نەتەوەییم زۆرە بۆ ووڵاتەکەم چونکە ئەم ووڵاتە هەروا بە ئاسانی نەگەیشتۆتە ئەمڕۆی ئازاد وەک هونەرمەند زەکەریا لە سروودە ناوازەکەی دەڵێت ( سوێند بە نەورۆز بە ڕاپەڕین، سوێند بە مێژووی سەدان ساڵە، لە یاد ناچی ئەی کوردستان هەمیشە تۆ لە دڵماندای). لێرە هەڵوەستەیەک دەکەم لە سەر ئەو سروودە کە لە کاتی جەنگی ئازادی عیراق دای بەگوێی ئازادی خوازان و تێکۆشەرانی کوردستان، بە ڕاستی لە مەش توانی داهێنان بکات.
لەگەڵ هاتنەوەی هونەرمەند بۆ کوردستان زۆر شتی جیاواز ووتران دەربارەی هونەرمەند من دەمەوێت کە بەرگریەکی بچوکیش لە هونەرمەند بکەم کە هەندێک بە باشی لەو بابەتە نەگەیشتوون کە گوایە زەکەریا کۆمەڵێک پاسەوانی لەگەڵ خۆیدا دەگێرێت، بەڕای من کارێکی زۆر باشە چونکە کەسێکی وەکو زەکەریا کەوتۆتە بەرچاووی هەموو خەڵک و لەم کاتەی ووڵاتی ئێمە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو و هەر کەسێکی نمونەی ئەو پێویستیان بە چاودێر هەیە.
زەکەریا زۆر جار لۆمە دەکرێت بەوەی کە ئاگای لە هەژاران نیە بەڵام من ئەڵێم کە زەکەریا لەگەڵ ژانی میللەت و ووڵات ئەژیێ وە من نامەوێ کە کارە خێرخوازەکانی زەکەریا بە بابەتێک و دوو بخەمە بەرچاووی کەس بەڵام ئاشکرایە کە زەکەریا وەک هونەرمەند و وەک ئاوەدانکار و خێرخواز و ...........هتد کار بۆ کورد و کوردستان ئەکات.
با لەبیرمان نەچێ کە چەندین کەسایەتی زیرەک و لێهاتوو لە پشت هونەرمەندەوە یارمەتی هونەرمەندیان دا تا زەکەریا گەیشت بەو پایەی ئێستا وەک شاعیری بەڕێز مامۆستا شاڵاو کە دەستێکی دیار و بەرچاوی هەبووە و هەیە لە کارە هونەریەکانی هونەرمەند و چەندانی تر. وەهەروەها براکانی هونەرمەند (نەجمەدین ئاوارە ، گەیلان ئاوارە) شایەنی باسە کە دوای هەموو ئەمانەش جەماوەری کوردپەروەری هەرچوار پارچە ئازیزەکەی کوردستان و هەموو دونیا، و کاکە سەرهەنگ باجەلان کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕە جوانەکەی هونەرمەندی لە ئەستۆیە.
لە کۆتایی دا ئەڵێم من هیچ بەرژەوەندیەکم لەگەڵ هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵا نیە و تەنها خۆشەویستیم بۆ خۆی و هونەرەکەی ئیلهامی نوسینەکەی منە.